ڕەخنەیەکی کارناسانە لە سەر دەستێوەردانی شعری فۆلکلۆری هەڵاوە مەلاوە

لە ڕۆژانی ڕابردوو شعرێک لە #یۆنس_ڕەزایی کە خاوەنی موسسه تفکر خلاق (غیرانتفاعی)‌ بڵاو بۆوە، کە لەو شعرەدا دەستێوەردانێکی شعری کۆن و فۆڵکلۆری کوردی #هەڵاوە_مەلاوەی کردەوە. ئەو دەستێوەردانە بۆ سەر ئەو شعرە فۆڵکلۆرە، رەخنەیەکی زۆری لێبۆتەوە.​​​​​​​

​​​​​​​ئەدیبێک کە ویستی نیوی بڵاو نەبێتەوە لەو بابەتەی خوارە کە بۆ زریان موکریانی ناردوە لە ڕوانگەیەکی ئەدەبی و زانستی دەستێوەردانی شعری فۆلکلۆری #هەڵاوە_مەلاوەی داوەتە بەر باس و لێکۆلینەوە:

دەقی بابەتەکە:

ئەدەبی منداڵان و دەرفەتەکانی ئەدەبی فۆلکلۆری...

ئەوەی کە "هێندێک" لە ئەدیبانی ئێمە هەڵگری هیچ جۆرە ڕەخنە و بۆچوونێک جیا لە "چەپڵە" و "پێدا هەڵگوتن" نین، بۆتە جێگای داخ و کەسەرێکی زۆر، کە هەر بەو بۆنەیەشەوە هەر چەشنە لێدوانێک لەسەر بەرهەمەکانیان دەبێتە هۆی بە هێرش کردنە سەر باس کردن و جبهە گرتن!

بریا پێش ئەوەی ئەو داسە تیژ کەن و بناغەی سەرنجدان و هەڵسەنگاندن لەڕیشەوە دەربێنن، گرنگیان بە خودی دەقەکە بدایە و برێک باسی بەشە سەرکەوتووەکانی دەقەکەیان بکردایەو لەسەر خاڵە لاوازەکانیش وچانێک!

ئێمە باس لە ئەدەبی منداڵان دەکەین، یانی بەردی بناغەی فێربوون و فێرکاری!

کاتێک نووسەرێک قۆڵی هیمەت هەڵدەماڵێ و دەیهەوێ دەقێکی کۆن و مێژوویی و فۆلکلۆر نوێ بکاتەوە، دەبێ شتێکی وا بدات بەدەستەوە کە لەوەی پێشوو گەر بەهێزتر نەبێ لاوازتریش نەبێ یا لانیکەم خەسارێکی پێ نەگەیینێ!

کە باس لە ئەدەبیاتی جیهانی دەکەین دەبێ ئەوەش بزانین کە ئەوان تا گەیشتوون بەو قۆناغە زیاتر لە خودی دەقەکان بۆچوون و هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە.

بەداخەوە منداڵانی ئێمە بێجگە لەوەی شتە فۆلکلۆر و ڕەسەنەکان بە شێوەی فەرمی لە شوێنە فەرمیەکان( مەدرەسە و...) فێر نابن و ڕاهێنانیان بۆ ناکرێ و هەر لە سەرەتاوە بە زمانێکی جیا لە زمانی خۆیان ئەلف و بێی ڕاهێنان فێر دەبن، کە دەچنە "هێندێک" لە شوێنە تایبەتیەکانیش ئەو گرینگیە بەو بەشە نادرێ.

 هەڵسەنگاندنی ئەو شتەی کە قەرارە نوێ بێتەوە، دەبێ وەک دەقێکی شایەنی فێرکاری، لەهەموو قۆناغەکانەوە( فێرکاری و پەروەردەیی) تاوتوێ بکرێ، جا ئینجا بچێتە قۆناغی ڕاهێنان و لەسەر مێشک و بیر و هزری منداڵەکان دابەزێندرێ، ئەوەش بە دڵنیاییەوە کارێکی ساکار نیە.

ڕا دربرین لەسەر دەقێکی فۆلکلۆر کە لەگەڵ داب و نەریتی کۆمەڵگا دارێژراوە، تایبەت بە ئەدیبەکان نیە، هەرکەسێک ئێرقی نەتەوایەتی و نیشتمانی هەبێ دەتوانێ بەپێی تێگەیشتنی خۆی  هەڵوێستی هەبێ، کە ئەوە هێمای کۆمەڵگای زیندوو و مانایە.

ئێمە باسی منداڵان، ئەدەبیات و فۆلکلۆر دەکەین لەسەر بنەمای دەق و مەرگی مۆئەلف. قەرار نیە نێوی نووسەرەکەی ببێتە سپەر بۆی یا دەستەو دامێنی ئەم و ئەو بین و لایەنگری بۆ کۆ کەینەوە کە ئەو نووسەرە فڵانەو فیسارە!

هەر ئەدیبێک دەتوانێ کاری بەپیز و سەرکەوتووی ببێ و پێچەوانەکەشی.

کە ئیدعای ئەوڕۆیی کردن و نوێکاری دەکەین و نێوی نووسەرانی وەک  هانس کریستیەن ئاندرسۆن و جی کەی ڕۆڵینگ و ... هتد دێنینەوە، وا باشە چاوێکیش لە "چۆن نووسینەوەی" ئەوان بکەین و جیهان بینیمان قەوی کەین و شتێکی جیهانیش بخوڵقێنین!

  وەک خۆمان دەڵێین؛ ئەو هەویرە ئاو زۆر دەبا!

بریا ئەدیبانی ئێمە بەجێگای "نان بەقەرزدان" و هەڵوێست گرتنی کوت وپڕ و جوابەجەنگێیانە،  دەقیان لەگەڵ دەق هەڵسەنگاندایە و خوێندنەوەیەکی بێ لایەنیان بۆ بکردایە نەک لەسەرەتاوە بە نێوی شاعیر یا نووسەرەکەیەوە قەڵغانێکی بەڕوودا بگرن و وا بنوێنن کە چونکا "فڵانکەس" نووسیویەتی کەس بۆی نیە بڵێ پشتی چاوی برۆیە!

 کاتێک لەژێر نێوی نوێ بوونەوەو نوێخوازی دەسکاری شتێکی ڕەسەن دەکردرێ و بڵاو دەبێتەوە، زۆر ئاساییە ئەو دەقە بۆچوون و هەڵوێستی لێ بکەوێتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، بۆ وای بۆناچن کە ئەوەی دڵسۆزانی ئەدەبیاتی کوردی هانداوە ئاوا ئەو شێعرە هەڵسەنگێنن و سەرنجی بدەنێ هەمان نێوی "شاعیرەکەیەتی" کە چاوەروانی پتری لێکراوە؟

 هەزاران شێعر و کۆپلە و دەقی جۆراوجۆر دەکرێن بە بابەت و دەخوێندرێنەوە بەڵام وەک بڵقی سەر ئاو ئێرەو ئەوێ بڕ ناکەن و لەناو دەچن و کەسیش کاری پێیان نیە.

بەڵام لە بەشی جوانی ناسانەدا، لەشێعرێکی کورتی سێ برگەییدا دووجار پاتە بوونەوەی باوکم هێناویەتی و دوو جار دابەزینی ڕیتمی شێعر و شکانەوەی کێش و دابران، بە تایبەت لەو دوو بڕگەیەدا کە دەڵێ؛ دەڵێم هەموو لە ماڵین/ سەوزە و هێلکەمان جوانە/ هەلاوەیەو مەلاوە/ بەهار پر لە گوڵی سوور، کە بە دوای یەک دا دێن و لەخوێندنەوەی منداڵەکانیشدا ئەو دابرانە(سەکتە) جوان دیارە.

 بە سەرنج دان بە شێعرە فۆلکلۆرەکە دەبینین ئەو لەو بارەیەشەوە سەرکەوتووترە و دوو بەیتیەکان تەواو کەری یەکترن و لە زار خۆشتر. ئەوە هەمان ڕیتم و ئاهەنگە کە مەرجی سەرەکی شێعری منداڵانە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە منداڵ لەو تەمەنەدا بە بیستن شت وەردەگرێ و هێشتا فامی واتایی و تێگەیشتنی نیە

لەکام ڕوانگەوە ناوەڕۆکەکەی بەپیزترە لە فۆلکلۆرەکەی؟

سەوزەو هێلکەمان جوانە، سەوزە لەزمان و کلتووری ئێمەدا چیە؟

گەر مەبەستیان " سبزە " ی فارسیە، کە هی ئێمە نیە و لەوێ دا زۆر زەق و نامۆیە.  

لەکوێ هەلاوە مەلاوە دێتە بەردرگا و دەپرسێ کێتان لەماڵە تا منداڵان ئاوا بە زمانێکی ناشێعرانە (لە شێعردا) وەڵام بدەنەوە؛ دەڵێم هەموومان لەماڵین!

جوانکاری ئەو بەشە لەکوێی دایە؟

بەشی کۆتاییشی کە لەوەپێش ئاماژەی پێکرا بوو(موهەندیس و..)  باسێکی قووڵی پەروەردەیی، کۆمەڵایەتیەو شیکاری تایبەت بەخۆی دەخوازێ.