یەکیەتی نیشتمانی لە جەلال مەلەکشا ڕێزی گرت

یەکیەتی نیشتمانی بە هۆی هەوڵ و چالاکی ئەدەبی و کولتووری مامۆستا جەلال مەلەکشا و خزمەتی بەنرخی بە زمان و وێژەی کوردی لە ڕێ و ڕەسمێکدا ڕێزیان لەم شاعێرە بەرزە گرت.

یەکیەتی نیشتمانی بە هۆی هەوڵ و چالاکی ئەدەبی و کولتووری مامۆستا جەلال مەلەکشا و خزمەتی بەنرخی بە زمان و وێژەی کوردی لە ڕێ و ڕەسمێکدا ڕێزیان لەم شاعێرە بەرزە گرت.

​​​​​​​کاک سیوان حاجی حەمە بە نۆێنەرایەتی یەکیەتی نیشتمانی وە لە سلێمانیەوە تایبەتی بۆ سەردانی مامۆستا جەلال مەلەکشا سەفری کردبوو بە شاری سنە و لەم  ڕێ و ڕەسمێکدا تندیسی تایبەت بە ئەم یەکیەتی نیشتمانی لە گەڵ کتێبی "دیداری تەمەن" ی سەروک مام جەلال، لە گەڵ دیاریەکی بە نرخی پێشکشی بەڕێزیان کرد.

سیوان حاجی حەمە لەم دیدارەدا گۆتی: یەکیەتی نیشتمانی خۆی بە بختەوەر دەزانێ لە هەوڵ و تێکۆشان و زەحمەت و خزمەتی مامۆستا جەلال مەلەکشا بۆ وێژە و زمان و ئاواتە ڕەواکانی گەل ڕێز بگرێ و من لە لایەن خەڵکی هەرێم و تایبەتی سلیمانی و هەورەها یەکیەتی نیشتمانییەوە بۆ ساڵانی ڕەنج و دڵسۆزی و بەرهەمە بەنرخەکانی مامۆستا هاتووم بۆ شاری سنەی خۆشەویست و پەیامی ماندوو نەبوون و ڕێزگرتن و دەس خۆشیم بۆ مامۆستا جەلال مەلەکشا هێناوە و هیوادارم لەشیان ساق و سڵامت بێ و کێشە و گرفتی نەمێنێ و ئێمە وەک یەکیەتی نیشتمانی وەک خزمەتگوزاری گەل و نیشتمان بۆ خزمەت بەم بلیمەتە و نووسەران و هونەرمەندان و دڵسۆزانی کوردستان ئامادەی خزمەتگوزارین.

شایانی باسه مامۆستا جەلال مەلەکشا شاعیری بەناوبانگی کورد. سالی ١٣٣٠ کۆچی هەتاوی (١٩٥١-زایینی) لە گوندی مەلەکشا سەربە شاری سنە لە دایک بووە. ھەر لە شاری سنە خویندوویەتی و پەروەردە کراوە. لە منداڵییەوە ھۆگری شیعر و نووسین بووە.

جەلال مەلەکشا لە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی دەنووسی و لەبەر ھێز و پێزی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، دەبێتە ئەندامی"کانوونی نووسەرانی ئێران"

پاش ساڵی ١٣٥٧ کۆچی هەتاوی  لەغاوی قەڵەمی دەگێڕێتەوە بۆ نێو زمانی کوردی و لە کوردیشدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی دەبێ. بۆ ماوەی ۱۵ ساڵ وەکوو نووسەر و ڕۆژنامەوان دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و بە ڕاستی پەرە بە زمان و ئەدەبی کوردی ئەدات. شیعرەکانی جەلال تا ئێستا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، لیبیایی، سوێدی و..وەرگێڕدراون. مامۆستا زۆربەی شێعرەکانی بەرز و جوانن و بۆ نموونە دوو شیعری «ھەتا لووتکە چەندی ماوە؟» و «داستانی دارە پیرە» لە شیعرە بە ناوبانگەکانی کاک جەلالن کە لە کتێبەکەی "زڕەی زەنجیری وشە دیلەکان" چاپ کراوە. دوای سروە کاک جەلال بۆ ماوەیەکی زۆر وازی له چالاکی ڕۆژنامەوانی هێنا و تا حەفتاکان و پێم وایە لە ساڵی ١٣٧٨ بوو کە بانگهێشت کرا بۆ هاوکاری لەگەڵ ڕۆژنامەی جام جەم (جامی کوردی) و ئەوش بڵاوکردنەوەی لاپەڕەکانی تایبەت بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و چەن ساڵ لەوێ خزمەتی کرد.

ماوەیەکیش لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق لە گۆڤاری پرشنگ سەرقاڵی کاری ڕۆژنامەوانی دەبێ. لە شاری سنەش لەگەڵ چەند حەوتەنامە و گۆڤاردا کار دەکات. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بە دڵی نەبووە و ئیدی تاقەتیشی نابێ و وەکوو کارێکی هەمیشەیی لەگەڵیان هاوکاریی ناکات.

 ماوەیەکیشە بە هۆی نەخۆشییەوە ئیدی تاقەتی کاری ڕۆژنامەوانی و چالاکی فەرهەنگی نامێنی و ئیتر چەن ساڵە خانەنشینە و لە ماڵی دایکی لە سنە دەژی و هاوسەر و کوڕەکانیشی لە ورمێ دەژین.

مامۆستا جەلال ئێستا (۱۳۹8 کۆچی هەتاوی) لە شاری سنەیە کەوتوەتە بەر تووکەشەقی چارەنووس و نەخۆشە و تۆزێ وەزعی جەستەیی باش نییه و ئەگەر جەستەی نەخۆش بێ، شێعری نەخۆش ناکەوێت.

جەلالی مەلەکشا هەر لە تەمەنی لاوەتی و سەرەڕای ئەوەی کە هیچ بەرهەمێکی چاپکراو وەکوو کتێبی نەبوو، دەبێ بە ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران، لەو کاتەدا زۆرێک لە شاعیران و نووسەرانی گەورەی ئێرانی لەو کانوونەدا ئەندام بوون. شاعیران و نووسەرانێک وەکوو ئەخەوانی سالس، ئەحمەدی شاملوو و جەلالی ئالی ئەحمەد و مەحموود ئیعتماد زادە و هووشەنگ گوڵشیری و کەسانی تر و ئەوان خۆیان دامەزرێنەری کانوون بوون و پاش ئەوانیش کانوون بەردەوام بوو لە کار و چالاکییەکانی و زۆربەی شاعیر و نووسەرانی توانا و ناودار ئەندامی کانوون بوون. لەو کاتەدا بابەت و نووسینی کاک جەلال لە چیرۆک و شیعر لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاودەکرایەوە و لە حاڵێکدا هیچ کتێبێکی لە چاپ نەدرابوو و ڕێگە بە چاپ کردنی کتێبی نەدرابوو.

جەلالی مەلەکشا یەکێک لەو ئەدیبانەیە کە هەم لە دونیای شیعردا بووە و هەمیش لە دونیای چیرۆکدا. لەهەر دوو بوار کاری کردووە. بەڵام بە شیعر بەرهەمێکی جوانتر و زەریف تر و کاریگەرتری بە بەرهەم گەیاندوە و قەڵەمێکی بەهێزتری لە شیعردا بووە.